گووتی: دەزانم تۆ لەسەرت نیە چاودێری دایكم بكەی، بەس ئەگەر ڕازی بیت هەتا لە دەوام دێمەوە ئاگات لێی بێت، تەنها ئەو داوایەم هەیە...

زۆرم بیر كردەوە: ئایا ئەو پێویستی بە منە وەك هاوسەرێك، یان خزمەتكاریم پێ دەکات.

ناچار پەنام بۆ باوكم برد یارمەتیم بدات. باوکم پێی گووتم: كچەکەم ئەوە داهاتووی تۆیە، من ناچارت ناكەم، بەڵام مادام پرست پێ كردووم، با پێت بڵێم: هەرگیز چاكە لای خودا ون نابێت، ئەو کار و خزمەتە لە زۆر بەڵا و ناخۆشی ژیانت دەتپارێزێ.

پاشان گوتی: ئەگەر كەسێك هێندە لەسەر چاودێری دایكی سوور بێت، دڵنیا بە ئاگای لە تۆش دەبێت و ئیسڕاحەت دەکەی، ئەگەر خۆشی ویستی ڕێزت دەگرێت، ئەگەر خۆشی نەویستی زوڵمت لێ ناكات، تۆش خزمەتی دایکی بكە، نەك لەبەر ئەوەی ئەو داوات لێ دەكا، بەڵكوو لەبەر ئەوەی مرۆڤە و وەک دایكت وایە، نەهێڵی هەرگیز شەیتان زەفەرت پێ ببات و زوڵمی لێ بكەی...

هاوسەرگیریمان كرد، یەكەم شەو پێش ژووری بوک و زاوا، بردمی بۆ ژووری دایكی، سەرم سوڕما لە پاكی و جوانی ژوور و ڕەنگەكانی کە بۆی هەڵبژاردووە، شتەکانی ژوورەكە لە هەموو ماڵەكە جیاوازتر بوو...

 لە دایكی نزیك بووەوە نوستبوو، بە هێواشی سەری ماچ کرد و دەستی خستە سەر شانی و گوتی: دایە گیان من بە قوربانت بم، دیارییەكی زۆر جوان و نەشمیلم بۆ هێناوی، ئەوە هاوسەرەكەمە، ناتەوێ بیبینی؟

 بە هێواشی چاوەكانی كردەوە، بەزەردەخەنەیەکەوە سەیری كردم و چاوی خستە سەر چاوم، بزەیەکی شیرینی وەک بزەی کوڕەکەی کرد و وەک گڵۆپ داگیرسا، هەرگیز ناتوانم وەسفی ئەو هەستە بكەم! چاوەکانی پڕ لە ئازار بوون، بەڵام ڕوخساری زۆر جوان بوو. ئافرەتێكی ئارام و ژیر دیاربوو، پێی گوتم:

 بچكۆلە کوڕەكەی بەنۆکەی دڵی منت پیرۆز بێت كچە جوانەکەم، ئەمشەو لە خەومدا ئەو ڕووە شیرینەتم بینی پێش ئێستە، هەر زانیم ئەمڕۆ دێیت، بەخوا کە کوڕەکەم سەری ماچ کردم زانیم تۆی جوانی بۆ هێناوم، داوا لە خودای گەورە دەكەم منداڵی وەك كوڕەكەی منت پێ ببەخشێ، بەڵام هەرگیز تۆ نەبیت بە بارگرانی بەسەریەوە وەك من. 

پاشان فرمێسك لەچاوەکانی هاتە خوارەوە، هاوسەرەکەم زۆر بە خێرایی چاوی دایکی سڕی و پێی گوت: دایە گیان دەزانی ئەو قسانەت ئازارم دەدات.

لێی نزیك بوومەوە و دەست و سەریم ماچ كرد و گوتم ئامین دایە گیان، ئین شا‌ءئه‌ڵڵا دوعای تۆدەبێت...

ڕۆژان تێپەڕی و هەتا دەهات زیاتر سەرم سووڕدەما و ئەو دایک و کوڕەم خۆشتر دەویست، ئەو بەدەستی خۆی پاكی دەكردەوە و بە باوەش دەیبرد و دەیشووشت، هەموو ڕۆژ پرچی بۆ دادەهێنا و ناوچاوی ماچ دەکرد و بە قوربانی دەبوو، بۆنی گرانبەهای لێدەدا، دایکیش وەک مناڵێکی عاقڵی جوان لە باوەشی کوڕی کسکۆڵی دەکرد، كاتێک هەستی دەكرد ئەو شانەیەی بەكاری دەهێنێت گیر بوە و ڕەنگە ئازاری سەری دایکی بدات، بۆی گۆڕی بە جۆرە شانەیەكی نەرم و ناسك کە لە ڕیكلامە بازرگانییەكان بینیبووی، ڕۆژێک سەعات و چارەکێک بە سەیارە چوین بۆ کڕینی ئەوجۆرە شانەیە، قژی جوان بۆ دەبەست و بە پێكەنینەوە سوعبەتی لەگەڵ دەکرد، پێدەكەنین وەك پێكەنینی منداڵێك كە تازە گڕوگاڵی دەکرد.

بەڕاستی میردەکەم زۆر دایكی خۆشدەویست، لام سەیر بوو چۆن دەتوانێ بە تەنها ئەو هەموو کارانە بکات، من تەنها یارمەتیم دەدا لە ژەمە خواردنەكان و دەرمانەكانی، ئیتر نەیدەهێشت هیچ بکەم، دەیوت لەزەت دەبینم لە خزمەتی دایکم وەک چۆن لەزەت لە نوێژ و خواردن دەبینم، لەبەر ئەوە لێیگەڕێ بۆ خۆم.

پەیوەندی ئەو و دایكیم زۆر خۆشدەویست، شەوان لانیكەم سێ جار هەڵدەسا تا بیخاتە سەر لاكەی تری هەتا سڕنەبێ و هەست بە ئازار نەكات، ڕۆژانە چەندجار سەرجێگەی بۆ دەگۆڕی، دایكیشی دەگریا و دەیگوت: تۆ شایەنی ئەوە نیت کوڕم، داوا لە خودا دەكەم زوو ئەجەلم بهێنێ تا تۆش ڕزگارت بێت، بەڵام ئەو گوتی: دایە گیان من ئەوە بە هەموو دڵێكی خۆم دەكەم وەك چۆن تۆ بە منداڵی هەزاران قات و هەزاران کات زەحمەتت کێشاوە و لەگەڵ منت کردووە، هەرگیز ناتوانم قەرزەکانت بدەمەوە.

ڕۆژان ڕۆیشت كوڕێكم بوو، تەنها ئاواتم ئەوەبوو دوعام دەکرد وەك باوكی بێت، بردم بۆلای داپیرەی و كردمە باوەشی و پێم گوت: دایە گیان توخوا دوعای بۆ بکە دەمەوێت وەك كوڕەكەی تۆ بێت.

دایە گیان پێكەنی و گوتی: 

بچكۆلانەكەی من ئەمە ڕزقە خوا نەیبڕێ، ڕزقیش شوکرانەی دەوێ و ئەوی تری بەدەستی خوایە، بۆ خودا پەروەردەی بكە ئازیزم تا هەموو ژیانتان پڕ بێت لە گوڵ و ڕێحانە و خێر و خۆشی.

بەڕاستی وا بوو، کوڕەکەی منیش ڕسق و ڕۆزی و بەرەکەت بوو بۆ هەموان وەک باوکی، من وەک خەسوم پیر بووم و کوڕەکەشم وەک باوکی بوو بۆ دایکی و بۆ باوکیشی، چی بچێنی ئەوە دەدوریتەوە، ئێستە خەڵک ناوی ئەو کوڕەم بە خۆشەویستییەوە جوان دەبەن و بانگی دەکەن: دکتۆر محمد راتب النابلسي ..